حیسامی بۆ تاکه ساتێکش له ژیانیدا ته‌سلیمی ویستی دوژمن نه‌بوو
من تا ئیستا زۆر جار ویستوومه له‌سه‌ر ژیانی سیاسه‌تمه‌دار، تێکۆشه‌ر و نووسه‌ری ماندوونه‌ناسی گه‌له‌که‌مان، مامۆستا که؛ریمی حیسامی، قسه بکه؛م. به‌ڵام ئه‌و ئیجازه‌یه‌م به خۆم نه‌داوه، چونکه له‌وه ترساوم نه‌کا شتێک له ڕووی ئیحساسه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و که‌ڵه پیاوه باس بکه‌م که شیاوی ناوبراو نه‌بێت. به‌و حاڵه‌ش به پێویستم زانی تۆزیک ده‌ردی دڵ بکه‌م و له‌و ڕێگه‌یه‌وه باسی ئه‌و مرۆڤه ڕووناکبیر و شۆڕشگێڕه بکه‌م.
شایانی باسه، مه‌رحومی، مامۆستا که‌ریمی حیسامی، هه‌ر له سه‌ره‌تای ژیانیدا هه‌ستی به ژێرده‌ستی وڵات و میلله‌ته‌که‌ی ده‌کرد و هه‌ر له‌و کاته‌شه‌وه بوو به ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێستا، و دوای تێکچوونی کۆماریش ده‌ستی له خه‌بات هه‌ڵنه‌گرت و ته‌سلیمی دوژمنی وڵات و میلله‌ته‌که‌ی نه‌بوو. هه‌ر به‌و بۆنه‌وه‌ش بوو که که‌وته زیندان و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی زۆری کێشا، به‌ڵام بۆ تاکه ساتێکش له ژیانیدا ته‌سلیمی ویستی دوژمن نه‌بوو و ته‌نانه‌ت بنه‌ماڵه‌که‌شی که گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی ژیانی بوو هه‌ر له‌پێناوی ئامانجه به‌رزه‌کانی گه‌له‌که‌یدا فیدا کرد. هه‌روه‌ک له بیره‌وه‌رییه‌کانیشیدا بۆخۆی ئاماژه‌ی پێکردووه، کاتی خۆی باوکی که ویستبووی چاوی پێ بکه‌وی له زینداندا به‌ڵام له به‌رده‌رگا ژاندارم پێشی پێده‌گرن و ناهێڵن چاوی پێ بکه‌وێت و هه‌روه‌ها به ته‌مه‌نی پیری و ڕیشی سپییه‌وه تووشی نه‌خۆشی ده‌بێ و دواتر کۆچی دوایی ده‌کات. هه‌ر به‌دوای ئه‌ویشدا خێزانه‌که‌ی و منداڵێکی له خانوویه‌کی سارد و سڕدا له برسا ده‌مرن و به‌م جۆره‌ش به بێکه‌سی ماڵ ئاوایی یه‌کجاری ده‌که‌ن.
به‌ڵام مامۆستا که‌ریمی حسامی به هه‌موو ئه‌وانه‌وه‌شه‌وه ته‌سلیمی دوژمن نابێت و وره‌ی به‌رزتر ده‌بێ بۆ دڕێژه‌دانی خه‌بات له‌پێناوی میلله‌ته‌که‌یدا. دوای ڕزگاربوونی له زیندان دیسان پێوه‌ندی ده‌گرێ به ئه‌ندامانی حیزبییه‌وه و به‌م جۆره کاروباری سیاسیی خۆی درێژه‌ده‌دا و جارێکی دیکه‌ش ژیانی هاوسه‌رێتی پێکدێنێته‌وه. ده‌بێ بگوترێ که مامۆستا جارێکی دیکه تووشی ده‌ربه‌ده‌ری ده‌بێ و ئه‌و جاره‌ش بنه‌ماڵه‌ی تازه‌ی فیدای حیزبی دێموکرات و میلله‌ته‌که‌ی ده‌کاته‌وه.
ڕه‌نگه زۆربه‌ی ئێوه‌ش پێتان سه‌یر بێت، به‌ڵام لێره‌دا ده‌مه‌وێ ئاماژه به ڕاستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر بکه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌ی که مامۆستای کۆچکردوومان دوای خۆی و له ژیانی دووه‌می هاوسه‌رێتیدا ده‌بێته خاوه‌نی دوو منداڵی چاوگه‌ش که ئێستا خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ئاکادێمین له سوید. به‌ڵام مامۆستا له‌به‌ر سهرگهرمبوون به کاروباری حیزبی نه‌یتوانیبوو به چه‌ندین ساڵ بۆ تاقه جاریکیش چاوی به‌و منداڵانه‌ی بکه‌وێت، هه‌ر بۆیه له کۆڕ و موناسبهتهکاندا که یارانی مامۆستا ساڵانه له وڵاته‌کاندا پێکیده‌هێنن، ناتوانن به زمانی زکماکی خۆیان له باره‌ی که‌سایه‌تیی باوکی کۆچکردوویان چ له‌و کۆڕانه‌دا و چ له میدیاکاندا بدوێن. ئه‌وه بۆخۆی کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه و مرۆڤ تووشی سه‌رسووڕمان ده‌کات.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه ده‌مه‌وێ ڕه‌خنه له حیزبی دێموکرات بگرم که تاکو ئێستا نه‌یانتوانیوه به‌گوێره‌ی پێویست ڕێز له کار و ژیانی پڕ له به‌رخۆدانی ئه‌و ڕۆناکبیره که‌موێنه‌یه بگرن که هه‌موو ساته‌وه‌خته شیرینه‌کانی خۆی له‌پێناوی ئه‌و حیزبه‌دا به‌خشی. به‌پێچه‌وانه دوای مه‌رگیشی هێشتا که‌سانێک که له کاتی خۆیدا ته‌حمولی ڕه‌خنه کارسازه‌کانی ناوبراویان نه‌ده‌كرد و کتێبه‌کانی مامۆستایان قه‌ده‌غه ده‌کرد، هه‌نووکه نایانه‌وێ پێ له ڕاستییه‌کان بنێنن و سوپاسی بکه‌ن. له‌به‌رئه‌وه بۆخۆیان قه‌ت ڕاست نه‌بوون و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ خه‌ریکی شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتن. ئه‌وه‌ی که ده‌بێ شایانی ناوبراو بێ نه‌کراوه که بتوانی جوابی ڕاستگۆیی و فیداکاریی ئه‌و سیاسه‌تمه‌دار و نووسه‌ره بێت. به‌پێچه‌وانه دوای مه‌رگیشی هێندێک که‌س هه‌ن که نا‌وێرن پێ له ڕاستییه‌کان بنێن و سپاسی بکه‌ن. ئایا تاکو ئێستا جارێک ڕوویداوه که ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستانی هانی جه‌ماوه‌ر بده‌ن که بچن و تاجه گوڵینه له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌و مرۆڤه بلیمه‌ته دانێن؟
من ئه‌و ماوه‌یه‌ی که له خزمه‌تی خاڵم‌دا بووم، شاهیدی زۆر کاری گرنگی ناوبراو بووم که لێره‌دا حه‌ز ده‌که‌م باس له یه‌كێک له‌و بیره‌وه‌ریانه بکه‌م که له‌گه‌ڵ ناوبراودا هه‌مبووه که له‌ڕاستیدا ته‌عبیر له ئه‌وپه‌ڕی ڕاسگۆیی و دڵ‌پاکی ناوبراو ده‌کات. پاش مردنی، تاڵه‌قانی، ده‌وڵه‌تی ئێران خۆپیشاندانێکی له مه‌هاباد سازدا و ئه‌و کات به‌ڕێزان کاک عومه‌ری قازی، مامۆستا حیسامی و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك له گوندی کۆنه‌دێ له ماڵی حاجی عه‌وڵای قازی که بنه‌ماڵه‌یه‌کی نیشتمانخۆشه‌ویست و کوردپه‌روه‌ر بوون، په‌نای دابووین. ئه‌وکات مامۆستا بڕیاری دا به مه‌به‌ستی ڕێکخستنی کاروباری ته‌شکیلاتی بچینه‌وه نێو شار. به‌ڵام دوای ته‌واوبوونی بڕیاره‌که، من هه‌ڵوێستم گرت که نابێ ناوبراو بێته‌وه نێو شار چونکه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌بوو که ته‌قه‌مان لێ بکه‌ن یان تووشی به‌ڵایه‌ک بێت. گوتم خاڵه گیان، ئێمه له ئاسمان به‌دواتدا ده‌گه‌ڕاین، بۆیه نابێ تۆ بگه‌ڕێته‌وه نێو شار. ئه‌ویش له وڵامدا گوتی: "جه‌عفه‌ر گیان، بۆ من فه‌رقی تۆ و که‌ماڵ و ئه‌و پێشمه‌رگانه چییه؟" لێره‌دا بۆیه ئاماژه‌م به‌و سه‌رگوزه‌شته کرد، چونکه خاڵم هه‌میشه هه‌موو که‌سی به چاوێکه‌وه سه‌یر ده‌کرد.
له کۆتاییدا هیوادارم خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و ڕووناکبیران به‌تایبه‌تی که‌سانی وا له‌بیر نه‌که‌ن و له‌ژێر کاریگه‌ریی هه‌ندێک چه‌واشه‌کاری و بڕیاری عه‌جولانه که به دژی ئه‌و مرۆڤه کوردپه‌روه‌ره دراون سه‌یری که‌سایه‌تی ناوبراو نه‌که‌ن، به‌ڵکو با ئێمه‌ش وه‌کو هه‌موو وڵاته پێشکه‌وتووه‌کان به چاوی ڕێزه‌وه یادی ئه‌و جۆره مرۆڤانه بکه‌ینه‌وه. لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که مامۆستا که‌ریم حیسامی کاتی خۆی و دوای ئه‌وه‌ش به‌بێ حوزوری خۆی به بڕیارێکی ناڕه‌وا له حیزبی دێموکرات ده‌رکرا، به‌ڵام قه‌ت له هیچ گۆڤار و مێدیایه‌کدا دژی حیزب نه‌دوا و به پێچه‌وانه‌ش به‌رده‌وام داکۆکی له حیزب ده‌کرد بۆیه حه‌قی خۆیه‌تی که حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یه‌ک ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌و کاتی حیزب وه‌ربگرێته‌وه و به چاوی ڕێزه‌وه ته‌ماشای ئه‌و مرۆڤه بکات.
نووسه‌ر: ج. مه‌عروفی